Wednesday 6 June 2012

رۆتین بە زیادکردنی کارمەند چارە ناکرێت

ناسنامە، فۆڕمی خۆراك، پشتگیریی نیشتەجێبوون و سەد شتی دیكە لەگەڵ خۆت بێنە. لەو ژوورەوە بۆ ئەو ژوورە بڕۆ. لە    ژمێریارەوە بۆ بەڕێوەبەر. لە مۆرەوە بۆ ئیمزا. ئەمڕۆ بڕۆ سبەی وەرەوە."   

ئەمە شێوەی ڕاپەڕاندنی كاروباری خەڵكە لە دامودەستگەكانی حكوومەتدا كە پسپۆڕی كارگێڕی دكتۆر (هێژا بەدرخان) ئاماژەی پێ دەدات. ئەو پسپۆڕە پێی وایە زۆربەی مامەڵەكانی خەڵك بە بێ ئەو هەموو بەڵگەنامانە و هێنانوبردنەیش جێبەجێ دەكرێن.

له‌ سه‌ره‌تای ئه‌م هه‌فته‌یه‌دا، دكتۆر (هێژا) لە كۆنفڕانسی "حوكمڕانیی باش و گەشەی ئابووریدا" بەشداری کرد که‌ ''ئه‌نستیتۆی توێژینه‌وه‌ و په‌ره‌پێدانی کوردستان'' له‌ هه‌ولێر سازی کردبوو. ئه‌و پێی وایە حوكمڕانییەكی باش نایەتە كایەوە ئەگەر كاری بەڕێوەبەردن وەك پیشە سەیر نەكرێت. 

بەشێكی زۆر لە بەڕێوەبەرانی دامودەستگەكان بە بڕوای دكتۆر (هێژا) لە كاری بەڕێوەبردندا پسپۆڕ نین و لە هەڵەی خۆیانەوە فێر دەبن. لەگەڵ ئەوەیشدا ئەو لەو بڕوایەدایە كە زۆربەی بەڕێوەبەری دامودەستگەكان خۆیان پێ هەموو شتێكە و هیچ حیسابێك بۆ كارمەندەكانیان ناكەن.

ئەو عەقڵییەتە بە گوتەی ئەو پسپۆڕە، میراتی سیستەمی سەربازیی ئینگلیزەكانە كە ساڵی بیستەكان هێنایانە عێراقەوە. لەو سیستەمەدا كاتێك كارمەندێك بیرۆكەیەكی خۆی دەردەبڕێت، بەڕێوەبەر پێی دەڵێت: "ئەوە كاری تۆ نییە و بڕۆ ئیشی خۆت بكە."

پشتگوێخستن و حیسابنەكردن بۆ كارمەند بە بڕوای دكتۆر (هێژا) توانای داهێنان و دڵسۆزی لە كارمەنداندا دەكوژێت. دەرەنجام وای لێ دێت كارمەندیش حیساب بۆ خەڵك ناكات و بە جۆرێك مامەڵەیان لەگەڵدا دەكات كە ئەوان بە قەرزداری خۆی دەزانێت.

"یاخوا دوژمنیشت رێی نەكەوێتە دائیران"
دەستگەیەك كە دادەمەزرێت بۆ پێشكەشكردنی خزمەتێكە بە خێراترین و باشترین شێوە، بەڵام وەك دكتۆر (هێژا) دەڵێت: "هاووڵاتی پێی خۆشە هەموو شتێكی بەسەر بێت، تەنیا ڕێی نەكەوێتە دامودەستگەكانی حكوومەت."

چارەكردنی ئەو ڕۆتینە كوشندەیە بە گوتەی دكتۆر (هێژا بەدرخان) لە ڕێگەی زیادكردنی كارمەندەكانەوە چارە ناكرێت، بەڵكوو كارێك كە بە 3 كەس جێبەجێ دەكرا، ئەم جارە دەبێت بە ژێردەستی 11 كەسدا تێپەڕێت.

وڵاتانی پێشكەوتوو ئەو كێشەیەیان لە ڕێگەی بەكارهێنانی تەكنەلۆژیای زانیارییەوە چارە كردووە كە بە گوتەی ئەو پسپۆڕە، دەكرێت هەرێمیش ئەو ڕێگەیە بگرێتە بەر. جگە لەوە دكتۆر (هێژا) پێی وایە لە ئەبنەڕەتدا پێویست ناكات خەڵك بۆ هەموو مامەڵەیەك سەردانی دامودەستگەكان بكەن و ئەو هەمووە بەڵگەنامەیە لەگەڵ خۆیاندا ببەن، چونكە بەشێكی زۆر لە مامەڵەكانیان لە ڕێگەی ئینتەرنێتەوە ئەنجام دەدرێت.

دكتۆر (هێژا) دەڵێت: "كەسێك كە دەیەوێت مۆڵەتی شۆفێری دەربهێنێت، پێویست ناكات یەك دنیا بەڵگەنامە لەگەڵ خۆیدا بۆ ئەم ژوور و ئەو ژوور بگێڕێت و لەو نۆرانەدا ڕاوەستێت كە هەناسەدان تێیدا زەحمەتە، بەڵكوو دەكرێت هەموو كارەكان بە پۆستە یان ئینتەرنێت ئەنجام بدات و كاتی تاقیكردنەوەكە ئامادە بێت."

هەڵسەنگاندن بە پێی پێوەر نەك مەزاج
هۆكارێكی دیكەی نادڵسۆزیی كارمەندان بە بڕوای پسپۆڕی كارگێڕی دكتۆر (هێژا بەدەرخان) لێپرسینەوە و هەڵسەنگاندنی كارمەندانە، بەڵام دەڵێت: "هەڵسەنگاندن ئەوە نییە كە بەڕێوەبەر بە مەزاجی خۆی بە یەكێك بڵێت تۆ باشی و پاداشتی بكات و ئەوی دیكەیش سزا بدات."

هەڵسەنگاندنی كارمەند بە گوتەی دكتۆر (هێژا) لەسەر بنەمای (وەسفی وەزیفی) دەكرێت كە بریتییە لە پێناسەكردنی هەموو كارەكانی نێو دامودەستگەكە و ئەرك و مافی كارمەندەكان. كاتێك كاری كارمەند لەگەڵ ئەو پێوەرانەدا نەگونجا، بە بڕوای ئەو پسپۆڕە نابێت یەكسەر سزا بدرێت، بەڵكوو دەبێت بنێردرێتە خولی ڕاهێنان تا توانای بەرز بكرێتەوە.

ئەو نایشارێتەوە كە لە هەرێمدا كاتێك كارمەند دادەمەزرێنن، نەك تەنیا ئەرك و مافەكانی بە وردی بۆ شی ناكەنەوە، بەڵكوو زۆربەی دامودەستگەكانی هەرێم وەسفی وەزیفییشیان نییە.

وەسفی وەزیفی بە گوتەی دكتۆر (هێژا) كاری ئەنجوومەنی ڕاژەیە كە لەگەڵ ئەوەی یاساكەی لە پەرلەمان دەرچووە، دانەمەزراوە. 
هاوكات ئەنجوومەنی ڕاژە دەبێت سەیری هەموو دامودەستگەكان بكات و بزانێت چەند كەسیان هەیە و لە كوێ زیادە یان كەمییان هەیە. ئاستی شارەزاییان لە چ ئاستێكدایە و پێویستە لە چ ئاستێكدا بن. 

ئەو بە پێویستی دەزانێت كە ئەو ئەنجوومەنە بە زووترین كات دابمەزرێت، بەڵام هۆشدارییش دەدات كە ئەو كەسانەی كاری تێدا دەكەن، بە هیچ شێوەیەك لەسەر بنەمای حزبایەتی دانەمەزرێن، بەڵكوو لەسەر ئەساسی لێهاتوویی و دڵسۆزی دابمەزرێن. 

بە بڕوای پسپۆڕی كارگێڕی دكتۆر (هێژا بەدرخان) ئەگەر دامەزراندن لە ڕێگەی ئەنجوومەنی ڕاژەوە نەبێت، كێشەی    
دامودەستگەكان نەك چارە نابێت، بەڵكوو گەورەتریش دەبێت.

                                             محەممەد تاهیر 

               

http://hawler.in/news29099-4.htm

No comments:

Post a Comment